باسنيوز:
غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، پشتیوانیی پارتەکەی بۆ پەیامەکەی ئەمڕۆی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕاگەیاند کە تێیدا داوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی و بەشداریی کارای هەموو لایەنە سیاسییەکانی کردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکەفراوان.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٦، سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا داوای لە یەكێتی كرد، لەگەڵ پارتی كۆببنەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك بهێنن. هەروەك داوای لە هەموو لایەنەكانیش كرد، لە حكوومەتێكی بنكەفراواندا لەگەڵ پارتی و یەكێتی بەشدار بن.
لەمبارەیەوە غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK بۆ (باسنیوز) گوتی: ”لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار سەرۆک بارزانی دەستپێشخەریی کردووە، بەردەوام بۆ ئاساییکردنەوەی گرژییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستان دەستپێشخەریی هەبووە. بێگومان ئەو پەیامەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی لە کاتێکی زۆر هەستیاردا درا، ئێمە پێشوازیی لێ دەکەین و پشتیوانی لە ناوەڕۆکی پەیامەکە دەکەین کە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی و پارتی پێکەوە دابنیشن و بگەنە ئەنجامێک، هەروەها داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کردووە بەشداریی کارایان هەبێت لە پرۆسەی سیاسیی کوردستان، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک حکوومەتێكی بنکەفراوان دروست بکرێت."
گوتیشی: ئەو پەیامە لەم کاتەدا گرنگە و لەگەڵ هەستیاریی کوردستان و دۆخی ناوچەکەدا دەگونجێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێشوازی لەو پەیامەی سەرۆک بارزانی بکەین."